عومەر باڵەکى: پارلەمانى کوردستان دەتوانێ بڕیار لە سەر رۆژی....

avatar

عومەر باڵەکی

عومەر باڵەکى: پارلەمانى کوردستان دەتوانێ بڕیار لە سەر رۆژی پێشمەرگەی کوردستان بدا


دیمانە - ئازاد عەبباسیان: عومەر باڵەکى زیاتر لە چارەگە سەدەیەکە لە نێو ریزى تێکۆشەرانى نەتەوەکەی دا حزوورى هەیە و لە مەیدانى شۆڕش و بەرخودان و لە سەنگەرى دژ بە داگیرکەرانى نیشتمانەکەمان دا سیمایەکی ناسراو و ناوێکی دیارە. ئەو هەر لە سەرەتاى تەمەنى لاوەتى دا رووى کردۆتە ریزى هێزى پێشمەرگەى دێموکرات و دواتر وەک فەرماندەیەکی کارامەی هێزی پێشمەرگە دەرکەوتووەو لە پێناو ئامانجەکانی نەتەوەکەی دا شاخ و گوند و شار و ناوچەکانی کوردستانی پێوا و بە سەدان  

جار لە گەڵ مەرگ دا بەرەوڕوو بۆتەوە. ئێستا کە نزیک دەبینەوە لە رۆژى 26ى سەرماوەز رۆژى پێشمەرگەى کوردستان، بۆ زیاتر باس لە سەر ئەم رۆژە و دەور و رۆڵی پێشمەرگە لە کوردستان، بە پێویستم زانی ئەم دیمانەیە لە گەڵ ئەم تێکۆشەرە دێرینەى حیزبى دێموکراتى کوردستان ساز بدەم؛ 
کاک عومەر زۆر سپاس بۆ ئامادەبوونتان لەم دیمانەیە و وڵامدانەوە بە پرسیارەکانم
ئیزن دەخوازم پێش وڵام دانەوەى پرسیارەکان لە رێگاى ئەم وتووێژەوە ، 26ى سەرماوەز رۆژى ناودێرکردنى پێشمەرگەى کوردستان بەو ناوە بە هەموو پێشمەرگە خۆشەویستەکانى کوردستان پیرۆزبایى بڵێم و سەرى کڕنۆش لەبەرامبەر دایکى شەهیدانى کوردستان دانوێنم کە رۆڵەکانیان لە بەرگى پیرۆزى پێشمەرگەدا لە رێگاى دیفاع لە شەرافەت و کەرامەتى نەتەوەکەیان بۆ دەستەبەر کردنى ئازادى، گیانیان بەخت کرد.

جەنابتان 26ى سەرماوەز چۆن پێناسەدەکەن و چۆن لێى دەڕوانن؟
لاى من رۆژى 26ى سەرماوەز یەکێک لەو رۆژە پیرۆزانەیە، یەکەم ئەو رۆژە هەروەک چۆن بە رۆژى سەرجەم پێشمەرگەکانى کوردستان دەزانم بەرۆژى خۆشمى دەزانم. هەرچەند هەموو رۆژەکانى ساڵ رۆژى پێشمەرگەیە و رۆژێک شک نابەم لە ساڵ دا کە پێشمەرگەى تێیدا شەهید نەبووبێ.
دووهەم ئەو رۆژە بە مەبەستى رێزلێنان لە فیداکارى و لە خۆبردوویى هەموو ئەو کەسانەیە کە بە سەخاوەتەوە گیانیان لە پێناوى رزگارى نەتەوەکەیان دا بەخت کردوە بێ ئەوە کە عاشقى مردن بن بەڵام مەرگیان لە پێناو بەختەوەرى گەل و نیشتمان دا هەڵبژاردوە.

ساڵى چەند بوو کە ئەم رۆژە پیرۆزە بە ناوى رۆژى پێشمەرگەوە ناودێر کرا و لە لایان کێوە بوو؟
ئەوانەى ئاگادارى مێژووى حیزبى دێموکراتى کوردستان و کۆمارى کوردستانن باش دەزانن لە 2ى رێبەندانى 1324ى هەتاوى دا حیزبى دێموکراتى کوردستان هەلومەرجى ئەو کاتى ناوچەکەى قۆستەوە و لە سەر دەستى پێشەوا قازى محمەد، کۆمارى کوردستانى راگەیاند. پێکهێنانى سوپاى میللى بەشێک بوو لە بەرنامەى حیزبى دێموکراتى کوردستان. چونکە لە بەرنامەدا گوترابوو کە هەڵسووڕاندنى کاروبارى کوردستان دەبێ بە دەستى گەلى کوردەوە بێ و پاراستنى کۆمارى کوردستان بآ گومان پێویستى بە هێزێکى چەکدارى سازمان دراو هەبوو.
شەهیدى نەمر د. قاسملوو لە کتێبى چل ساڵ خەبات لە پێناو ئازادى دا بەم جۆرە دەنوسێ: " پاش دامەزرانى کۆمارى کوردستان کۆڕێکى ئەدەبى لە مەهاباد پێک هاتبوو بۆ ئەوەى کە لە باتى وشەى فارسى و عەرەبى وشەى کوردى بۆ زاراوەکانى نێو سوپا بدۆزرێتەوە. یەکەم وشە کە پێویست بوو دابندرێ، بەرامبەر بە وشەى سەربازى فارسى بوو کە ئازەربایجانى‌یەکان کردبوویان بە فیدایى. گۆیا ئەدیبەکان هیچیان بۆ نەدیترایەوە تا پیاوێکى پیرى دونیا دیتوو کە چاى بۆ دەهێنان پێى گوتن:
((کورد بە پیاوى لە خۆبردوویان دەگووت پێشمەرگە)). لەو رۆژەوە وشەى پێشمەرگە بە بەژن و باڵاى ئەو کەسانە بڕاوە کە چەکى دیفاع لە نیشتمان و گەلیان لە شان کردوە."
ئێستا پرسیار ئەوەیە کە بۆ 26ى سەرماوەز؟ لە رۆژى 26ى سەرماوەزى 1324ى هەتاوى دا بوو کە هێرش کرایە سەر شارەوانى مەهاباد و ئاخرین پێگەى دەسەڵاتى پاشایەتى لەو شارە و لە ناوچەکە دا تێکەوە پێچرا و ئاڵاى پیروزى کوردستان لە سەر بانى شارەوانى مەهاباد هەلڕ کرا و یەکەم شەهیدى حیزبى دێموکرات بە ناوى عەبدوڵڵای مینەى خاڵندى لەو رێگایە دا گیانى بەخت کرد. بەڵام تەنیا لەبەر ئەوە نیە کە حیزبى دێموکراتى کوردستان لە پلۆنۆمى دووهەمى کومیتەى ناوەندى کە لە مانگى گەلاوێژى ساڵى 1363 دا بەرێوە چوو ئەو رۆژە بە ناوى رۆژى پێشمەرگەى کوردستان ناودێر دەکا، رەنگە یەکێک لە هۆکارەکانى ئەوە بێت کە باسمان کرد، واتە گرتنى شارەوانى مەهاباد و هەڵکردنى ئاڵاى کوردستان. بەڵام هەروەک لە سەرەتادا باسم کرد هەموو رۆژەکانى ساڵ رۆژى پێشمەرگەى کوردستانە،چوونکە هیچ رۆژێک شک نابەین کە شەهیدى تێدا نەدرابێ. بەڵام دەبوایە بۆ بایەخ دان بە فیداکاری پێشمەرگە و ناساندنى بەنەوەکانى داهاتوو ،لە نێو هەموو ئەو رۆژانە دا رۆژێک دەست نیشان بکرێ، ئەو رۆژەى دەست نیشان کراو بڕیارى لەسەر درا، رۆژى مێژوویى 26ى سەرماوەز بوو.

0000-balaki.jpg

لاى هەندێک کەس و لایەن وایە کە ئەم رۆژە تایبەتە بە پێشمەرگەکانى حیزبى دێموکڕاتە،ئایا حیزبى دێموکڕات ئەم رۆژە هەر بەرۆژى پێشمەرگەى خۆى دەزانێ یاکوو وەک رۆژى پێشمەرگەى کوردستان چاوى لێ دەکات؟
راستە ئەو رۆژە لە لایەن حیزبى دیموکراتى کوردستانەوە لە سەر ئەو واقعیەتە مێژوویە و بۆ رێز لێنان لە هێزى پێشمەرگە دەست نیشان کراوە، بەڵام ئارەزوو دەخوازم هەروەک ناوى پێشمەرگە بۆ هەموو هێزە شۆڕشگێرەکانى گۆڕەپانى خەبات گشتگیر بووە کە ئەویش حیزبى دێموکرات دیارى کردوە بەڵام بۆتە موڵکى هەموو نەتەوەى کورد و تێکەلڕ بە قامووس و فەرهەنگى وشە و زاراوەکانى بێگانەش بوو، هەر ئاوا رۆژى مێژوویى 26ى سەرماوەزیش ببێتە رۆژى هەموو پێشمەرگەى کوردستان و لە لایەن هەموو لایێکەوە رێزى لێ بگیرآ.

وەک بزانن تاکوو ئێستا لە لایان ئەحزابى کوردى رۆژهەڵاتەوە ( جیا لە حیزبى دێموکڕات) بۆ پشتیوانى لەو رۆژە لەو رێکەوتەدا نەکراوە؟
بەداخەوە تا ئێستا هەوڵى وام نەدیوە، بەڵام پێم باشە لێرە ئەوەندە بڵێم رەنگە سروشتى بێت ئەحزاب لەسەر شتى وا رێک نەکەون یا بیرى لێ نەکەنەوە، هەر کەس بە هۆکارى خۆى، بەڵام پارلەمانى کوردستان ئێستا لە باشورى کوردستان یا لە دوارۆژ دا لە پارچەکانى دیکەى کوردستان دەتوانآ بڕیارى لەو چەشنە بدا. هەر وەک کە دەزانن و لە راگەیاندنەکاندا دیتمان لە لایەن ناوەندى پێشەواوە داوا کاریێک بۆ دانانى رۆژى 26ى سەرماوەز بە رۆژى ئاڵا، پێشکەش بە پەڕلەمانى کوردستان کراوە.

جەنابتان وەک پێشمەرگەیێکى دێرین، پەیامتان بۆ ئەو پێشمەرگانەى کە لە سەرەتاى تەمەنى پێشمەرگایەتى دان چیە؟
ئیزن بە خۆم نادەم کە پەیام بنێرم بەڵام دەخوازم کە گەنج و لاوى کوردستان کاتێک بەرگى پیرۆزى پێشمەرگایەتى دەپۆشن، بزانن و ئاگا بن کە پێش لەوان گەنج و لاوى دیکە هەبوون لە رێگاى خۆشەویستى گەل و نیشتماندا، زۆریان تاڵى و سوێرى و پێخواسى و بریندارى و تەنانەت گیان لە دەست دانى خۆشەویست ترین هەڤاڵە کانیان دیوە و بە رەگ و پێست ئەوانەیان هەست پێکردوە، ئەگەر وایە ئەو رۆژانەى ئێستا لە خۆڕا نەهاتوونەدى و نایێنە دى مەگەر بە تەحەممولى هەموو ئەوانەى کە باسم کردن. ئەگەر وایە دەبآ قەدرى رابردوو بزانین بۆ ئەوەى داهاتوویەکى رووناک لە دایک بێت، شانازى بە رابردوو بکەین بۆ ئەوە داهاتووش ببێتە رابردوویەکى پڕشنگدار بۆ نەوەکانى دواترى ئەو گەنج و لاوانەى ئێستا.

کاک عومەرى باڵەکى لە رۆژی پێشمەرگەی کوردستان دا چى بە لاوانى رۆژهەڵات دەڵێت؟
لاوانى رۆژهەڵاتى کوردستان هەروەک تا ئێستا نیشانیان داوە کە ناچنە ژێر بارى زوڵم و زۆرى دەسەڵاتدارانى کۆمارى ئیسلامییەوە و بە هەموو شێوەیێک بەربەرەکانیان لە گەلڕ فێڵ وتەڵەکەکانى کۆمارى ئیسلامى کردوە کە بۆ لە خشتە بردنیان هەوڵى داوە، ئێستاش دەبێ ئازاتر و جەسوورانەتر و چاو کراوەتر بن لە بەرامبەر کار و کردەوەکانى کاربەدەستانى کۆمارى ئیسلامى، چوونکە زەمان و سەردەم لە حاڵى ئاڵووگۆر دایە و دوارۆژ ئەى گەنج و لاوانى کوردستانە

ئەگەر پێشمەرگە لە تەنیا سێ وشەدا پێناسە بکەی چی دەڵێی؟
شۆڕشگێرێکى چەکدارى چاو کراوەیە

کاک عومەرى بەڕێز زۆر سپاس بۆ ئامادەبوونتان لەم دیمانەیەدا و پێمانخۆشە بزانین کە دوا قسەى کاک عومەر باڵەکى وەک شۆڕشگێرێکى دێرین لە پێوەندى بەم رۆژەوە چیە؟
دووبارە پیرۆزبایى 26ى سەرماوەز رۆژى پێشمەرگەى کوردستان لە هەموو پێشمەرگەیەکى کوردستان دەکەم و سڵاو دەنێرم بۆ بنەماڵەى سەربەرزى شەهیدان و ئاوات دەخوازم خۆرى ئازادى لە ئاسمانى کوردستانى خۆشەویست هەلڕ بێت و پێشمەرگە ماندوونەناسەکانى کوردستان و بنەماڵەى شەهیدان و هەموو کوردێکى دڵسۆز بە چاوى خۆیان ئەو ئازادی و سەرکەوتنە ببینن. بە هیواى ئەو رۆژە. سپاس بۆ ئێوەش.

نظرات 0 + ارسال نظر
برای نمایش آواتار خود در این وبلاگ در سایت Gravatar.com ثبت نام کنید. (راهنما)
ایمیل شما بعد از ثبت نمایش داده نخواهد شد