هەڵوێستمان لە بارەی نوێترین هێرشی نیزامیی کۆماری ئیسلامی

بەیاننامە: هەڵوێستمان لە بارەی نوێترین هێرشی نیزامیی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر ناوچه‌ سنوورییه‌کانی هەرێمی کوردستانەوە 
20 / 7 / 2011
ماوەی چەند رۆژێکە سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی، وێڕای تۆپباران، هێرشێکی نیزامییشی لە چەند خاڵەوە بۆ سەر ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان دەست پێ کردوە. بیانووی کۆماری ئیسلامی بۆ ئەم هێرش و دەستدرێژییە ئاشکرایە، بوونی هێزەکانی "پەژاک" لەو ناوچانەیه‌. بەڵام راستیی مەسەلەکە ئەوەیە لەو کاتەوە کە خەڵکی باشووری کوردستان ئازادن و خاوەنی 

حکوومەت و پارڵمانی خۆیانن، تۆپبارانی ناوچە سنوورییەکان، دەستدرێژیی هەوایی و زەمینی بۆ سەر خاکی هەرێم و زۆر کردەوەی خراپکارانە و پیلانگێڕیی دیکە بۆ تێکدانی سەقامگرتوویی و ئاسایشی هەرێمی کوردستان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە، له‌ گۆڕێ دا بووه‌ و به‌ داخه‌وه‌ بووە بە شتێکی رۆژانە و ئاسایی.
لە پێوەندی لەگەڵ نوێترین ئاگرباران و هێرشی نیزامیی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر سنوورەکانی خاکی هەرێم دا، حیزبی دێموکراتی کوردستان هەروەک لە لێدوانی بەرپرسان و هەڵوێستی راگەیەنەکانی لە چەند رۆژی رابردوودا دەرکەوتوە، ئاگرباران و لەشکرکێشیی ئەو رێژیمە بۆ سەر سنووره‌کانی هەرێم و راگەیاندنی زیانی گیانی و ماڵی بە دانیشتووانی ناوچە سنوورییەکان بە توندی مەحکووم دەکا. هەر لەم کاتەدا سەرەخۆشی و هاودەردیی خۆمان بە بنەماڵە، کەسو کارو هاونیشتمانانی تازەترین قوربانییەکانی تۆپباران و هێرشی نیزامیی رێژیمی ئێران و لە نێو ئەوان دا کۆمەڵێک لە گریلاکانی پەژاک کە لە بەرەنگار بوونەوەی ئەو هێرشەدا، گیانیان بەخشیوە، رادەگەیەنین.
حیزبی دێموکراتی کوردستان لە هەموو هێزە سیاسییە نیشتمانپەروەرەکانی کوردستان بە گشتی و سەرانسەری عێراق،له‌کۆمەڵانی خەڵک لە کوردستان و هەموو بەشەکانی عێراق داوا دەکا دژی هێرش و دەستدرێژیی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان، دەنگی نارەزایەتی بەرز بکەنەوە. ئێمە پێمان وایە هەم دەوڵەتی عێراق دەبێ لەم پێوەندییەدا هەڵوێستی جیددی و شیاوی دەوڵەتێکی سەربەخۆی هەبێ، هەم ئەمریکا بەبۆنەی بەرپرسیارەتییەکانی لە پێوەندی لەگەڵ خەڵک و خاکی وڵاتی عێراقدا، پێویستە سنوورێک بۆ مەیدانداری و دەستدرێژییەکانی کۆماری ئیسلامی لە پێوەندی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و سەراسەری عێراقدا، دابنێ.
گومانی تێدا نییە کە بەشێک لە ئامانجە شوومەکانی لەشکرکێشی و هێرشی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر سنوورەکانی هەرێمی کوردستان، پیلانگێڕی لە دژی هێزەکانی نێو بزووتنەوەی نەتەوەیی و ئازادیخوازی رۆژهەڵاتی کوردستانە. بە باوەڕی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ئەم راستییە دەبێ هاندەری حیزب و رێکخراوەکانی ئەو بەشەی کوردستان بۆ هاوفکری و هاوکاری لەگەڵ یەکتر بە مەبەستی پووچەڵکردنەوەی پیلانەکانی کۆماری ئیسلامی بێ.
جێی خۆیەتی رێبەران و بڕیاربەدەستانی رێژیمی کۆماری ئیسلامییش دڵنیا بکەینەوە کە ناوەندی سەرەکیی بەربەرەکانی لەگەڵ ئەو رێژیمە و مەترسیی هەرە گەورە بۆ سەر ئێستاو داهاتووی رێژیمەکەیان،خەڵکی وەزاڵە هاتووی ئێران و خۆراگری و نارەزایەتی دەربڕینی ئەوان لە نێوخۆی وڵات دایە. هەر بۆیە بە لەشکرکێشی و ئاژاوەگێڕی لە دەرەوەی سنوورەکان نەده‌توانن به‌ سەر ئەو قەیرانانەدا زاڵ بن کە لە نێوخۆی وڵات داوێنگیری رێژیمەکەیان بووە، نە خەبات و بزووتنەوەی ئازادیخوازیی گەلی کورد و خەڵکی ئێران بە گشتی دژی ئەو رێژیمە کۆتایی پێ دێ. بەم تێگەیشتنەوە، ئێمە چاوەڕوان و هیوادارین سنووربه‌زاندن و هێرشی تازەی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ مەحکوومکردنی بەرین لە ئاستی ناوچەو جیهاندا بەرەورووببێ و لە ئاستی ئێرانیش دا بەڕێوەبەرانی ئەو رێژیمە لە پێوەندی لەگەڵ دەستدرێژییەکانیان و سیاسەتی ئاژاوەگێڕانەیان لە ناوچەدا، وڵامی پێویست له‌ خه‌ڵکی وه‌زاڵه‌هاتووی ئێران وەربگرنەوە.
حیزبی دێموکراتی کوردستان
دەفتەری سیاسی 
29ی پووشپەڕی 1390
20ی ژوئیەی 2011

نظرات 0 + ارسال نظر
برای نمایش آواتار خود در این وبلاگ در سایت Gravatar.com ثبت نام کنید. (راهنما)
ایمیل شما بعد از ثبت نمایش داده نخواهد شد