هه‌یاس کاردۆ
باریکه رێی نێوان ماڵان و سه‌ر "چاک"ی، وه‌ک مارێکی ره‌ش خوار و پێچه‌ی دابوویه. ئه‌و رۆژه‌ش وه‌ک هه‌موو رۆژانی زیاره‌ت، ریزی نه‌پچڕاوه‌ی باوه‌ڕمه‌ندان رێچکه‌ی به‌ره‌و گردیان گرتبوو هه‌تا ده‌گه‌ڵ "پیر"ی خۆیان راز و نیاز بکه‌ن. هه‌ر که‌س ئاواتێکی هه‌بوو: کیژان و کوڕانی گه‌نج بۆ گه‌یشتن به دڵدار داوای یارمه‌تی یان له"پیر" ده‌کرد. به‌ساڵدا چوان دوعای دوور بوون له‌به‌ڵا و موسیبه‌تیان ده‌کرد. نوێ بووکان چاوه‌ڕیی یه‌که‌م منداڵی کوڕ بوون.
وه‌رزێڕان ساڵیکی پڕپیت و به‌ره‌که‌تیان ده‌ویست. ژن له ده‌ست ئازاری مێرد شکایه‌تی هه‌بوو. پیاو به سرته هێندێک شتی ده‌درکاند و.... له پڕ، له‌و به‌ری ئاوایی ڕا ریزی چه‌ک له شانانی به‌هه‌یبه‌ت وه‌دیا‌ر که‌وتن. ئه‌وان رێگا‌یه‌کی دووری دوای تێکهه‌ڵچوونیان بڕیبوو، ده‌بوایه له شوێنێک بحه‌سێنه‌وه. هه‌رکه دوایین ده‌سته‌ی رێچکه به‌ستوانی به‌ره‌و "چاک" کؤڕی خه‌باتکارانیان دی، رێگایان گۆڕی و سه‌ربه‌ره‌وخوار داگه‌ڕان. به دوای ئه‌وانیش دا شه‌پۆلی ئه‌ویندارانی ئازادی خۆی ده‌باوه‌شی "پێشمه‌رگه" هاویشت. گۆره‌پانی ده‌وری ئاوایی بوو به‌جێ زیاره‌ت و ده‌وری "چاک" چۆل کرا. دواتر ره‌شبه‌ڵه‌کی کچان و کوڕان ده‌ست له نێو ده‌ستی پێشمه‌رگه گه‌رم داهات. جارێکی دیکه "ماسی" خۆی له نێو دڵی "ده‌ریا" دا دیته‌وه. هه‌موو به ئاواتی دڵ گه‌یشتن.
کاتێک هێزی وه‌گه‌ڕ خه‌ری کۆمه‌ڵ په‌کی ده‌که‌وێ، نوتفه‌ی سه‌رهه‌ڵدانی زوڵم دگوورێ. که زوڵم سه‌ری هه‌ڵ دا، بێ ده‌ره‌تانی په‌ره ده‌گرێ. ترس، زاده‌ی نه‌کبه‌تی بێ ده‌ره‌تانی یه و هه‌رخۆشی په‌ره پێ ده‌ری زوڵمی زیاتره. هه‌تا مه‌یدانی زوڵم به‌رینتر بێ، زاڵم غه‌ڕڕه‌تر ده‌بێ. هه‌رکه ترس له‌زاڵم دڵی مرۆڤه‌کانی رێک گوشی، مێشکیشیان له تێکۆشان ده‌وه‌ستێنی و هه‌ر بۆیه مه‌یدانی رمبازێنی زاڵم زیاتر ده‌بێ. له وه‌ها کۆمه‌ڵگایه‌ک دا به‌شی زۆری ئینسانه‌کان مل بۆ "چاره‌نووس" که‌چ ده‌که‌ن و چاوه‌ڕیی ده‌ستێکی یارمه‌تیده‌رن رزگاریان بکا. له‌نێو ئه‌و دنیای بێدادی و ناهومێدی یه دا،"پێشمه‌رگه" دێته مه‌یدان و شه‌ق له‌و "چاره‌نووس"ه هه‌ڵ ده‌دا.ئه‌و خاوه‌ن غیره‌ت و خاوه‌ن بڕیار و خاوه‌ن ئیراده‌یه، هه‌ر بۆیه خۆشه‌ویسته.
شه‌هید خالید باڵه‌کی - عومه‌ر باڵه‌کی - عوسمان عه‌باسی - که‌ماڵ به‌رخان - هیلال محه‌ممه‌دی - جه‌لال حه‌سه‌نزاده
ناوی عومه‌ر باڵه‌کی له ریزی تێکۆشه‌رانی رێی ئازادی و مه‌یدان دارانی خه‌باتی چه‌کداری دا، ناوێکی ته‌واو ئاشنا و جێ که‌وتوویه. هه‌رکه‌س مانای فیداکاری بزانێ و ده‌گه‌ڵ ترس بێگانه بێ، باڵه‌کی ده‌ناسێ. هه‌رکه‌س خه‌ڵکی خۆش بوێ و له‌رێی ئامانجه‌کانی گه‌ل دا خۆی ماندوو بکا، باڵه‌کی ده‌ناسێ. هه‌رکه‌س چه‌کی شانازی له‌شان کردبێ و هه‌وراز و لێژی کوردستانی بڕیبێ، باڵه‌کی ده‌ناسێ. هه‌ر که‌س پێشمه‌رگه بووبێ،پێشمه‌رگه مابێته‌وه و پێشمه‌رگه خۆشه‌ویست بێ،باڵه‌کی ده‌ناسێ. له باسی ئه‌مجاره‌ی "مێژووی زیندوو' دا رێز له خه‌باتکارێک ده‌گیرێ که له‌پڕ چه‌کی تاو داوه‌تێ، خۆی له مه‌یدانی به‌ربه‌ره‌کانی دا تاقی کردۆته‌وه، ده‌گه‌ڵ ره‌وتی شۆڕش هاتوه و هه‌دای نه‌داوه، کۆڵه‌بارێکی له ئه‌زموون و ده‌رسی به‌رخۆدان ده‌گه‌ڵ خۆ هێناوه و خه‌ریکه دڵ ئاواڵایانه بۆ ئێمه‌ی رۆ ده‌کا. کاک عومه‌ر له‌و پێشمه‌رگه به‌وه‌فا و به‌ئه‌مه‌گانه‌ی کورده که پێویسته ده‌رسی لێ فێر بین و بیری تێکۆشه‌رانه‌ی خۆمانی پێ ده‌وله‌مه‌ند بکه‌ین. کاک عومه‌ره‌کان ده‌سمایه‌ی بزووتنه‌وه و خه‌زێنه‌ی خۆ ده‌وله‌مه‌ند کردن و گه‌نجی سه‌ر به‌مۆری گه‌لن. ده‌با ده‌گه‌ڵ به‌شیک له‌ژیان و خه‌باتی ئه‌و رۆڵه کورده ئاشنا بین و هه‌ر که‌س له‌به‌ر خۆمانه‌وه ئافه‌رین بۆ هیممه‌تی جوامیرانه‌ی و غیره‌تی کوردانه‌ی بنێرین.
بۆ دۆزینه‌وه‌ی کاک عومه‌ر که هه‌رئیستا له‌ریزی تێکۆشه‌رانی گه‌ل دایه و نوێنه‌رایه‌تیی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان له هه‌ولێری پێته‌ختی کوردستانی له ئه‌ستۆیه، به‌داخه‌وه ئیمکانی دیداری راسته‌وخۆ ده‌ستی نه‌ده‌دا. هه‌ر بۆیه ده‌نگی خۆم به شه‌پۆله‌کانی هه‌وا ئه‌سپارد و له‌پێوه‌ندی یه‌کی ته‌له‌فۆنی دا توانیم بۆ جارێکی دیکه گوێ بی‌سی ده‌نگی دلێرانه‌ی چه‌ک له‌شانی جاران و دیپڵۆماتی ئیستا بم. کاک عومه‌ر وه‌ک هه‌میشه رووخۆش و ده‌م به پێکه‌نین به‌سه‌بر و حه‌وسه‌له‌ی ته‌واو گوێی بۆ راگرتم و داواکه‌ی وه‌رگرتم و ئینجا قه‌راری پرسیار و وه‌لاممان دانا. خۆی گوته‌نی ده‌گه‌ل کۆمپیۆتیر و مۆمپیۆتیر نێوانی خۆش نیه و هه‌ر بۆیه بۆ ناردنی پرسیاره‌کان ناچار کاکه ئاگریی کوڕی کرده وه‌کیل و منیش هه‌ر له رێگای ئه‌و لاوه پڕ کاره‌وه نامه‌ی داوا و کۆی پرسیاره‌کانم بۆ ره‌وانه کرد. کاتێک وه‌لامی پرسیاره‌کانم بۆ هاته‌وه و به مه‌به‌ستی ئاشنا بوونی زیاتر ده‌گه‌ل ژیان و سه‌ربورده‌ی ئه‌و تیکۆشه‌ره‌ی گه‌ل ده‌ستم به خوێندنه‌وه‌ی کرد سه‌رم له‌و هه‌موو هه‌ستان و نه‌وه‌ستان و که‌ند و له‌نده‌ی سه‌ررێی ئه‌و خه‌باتکاره سوڕما و به خۆم نه‌بوو له ژێر لێوه‌وه ئافه‌رینم بۆ نارد. ده ئێوه‌ش ده‌گه‌ل به‌شێکی چووک له‌و هه‌موو ئازار و خه‌م و نه‌هامه‌تی یه له‌لایه‌ک و ئه‌وگشت هیوا و به‌ره‌و پێش چوونانه له لایه‌کی دیکه ئاشنا بن و ئینجا ده‌زانم ده‌گه‌ل من هاوڕاده‌بن که بڵیین "پێشمه‌رگه کوڕی نه‌وه‌ستان و ره‌فیقی چۆک دانه‌دانه.
ده‌ستی ته‌قدیر بنه‌ماڵه‌ی ژنێکی خه‌ڵکی "سێ ناجیان"ی ده‌وروبه‌ری دووکان له باشووری کوردستان له زێدی خۆی هه‌ڵده‌قه‌نێ و له ئاوایی "کونه کێچ"ی مه‌نگورایه‌تیی رۆژهه‌لاتی کوردستان ده‌یگیرسێنێته‌وه. بنه‌ماڵه‌ی پیاوێکیش له ناوچه‌ی باڵه‌کایه‌تی ڕا بار ده‌کا و ئه‌ویش له رۆژهه‌ڵات ده‌گیرسیته‌وه. چۆن ده‌بێ نازانم، کچی بنه‌ماڵه‌ی دایک و کوڕی لایه‌نی باوک به‌یه‌ک ده‌گه‌ن و عومه‌ری باڵه‌کی له دایک ده‌بێ. هێشتا عومه‌ر نه‌چوه‌ته قوتابخانه که ماڵی باب له "هه‌مزاوا" بار ده‌کا و مه‌هاباد بگره و هاتم. "بە ئاستەم وەبیرم دێ کەماڵمان باری کرد و چووین بۆ شاری مەهاباد، هێشتا نەچووبوومە قوتابخانە. لە مەهاباد لە خانووی کرێ دابووین کە خۆی چیرۆک و سەربردەیەکی تەواو هەڵدەگرێ و ئەگەر بیخەمە سەر کاغه‌ز دەتوانێ کتێبێک بێ. تەنیا ئەوەندە بەسە کە بڵێم ئەو شوێنەی کە لێی دەژیاین بە کاروانسەرای "بیبەزێدەی" بەناوبانگ بوو. بێجگە لە خاوەن ماڵ، 5 ماڵی دیکەشی تێدا دەژیان و حەوشەو حەساریکی گەورەی هەبوو. ترومپایەکی گەورە لە نێو حەوشەکەدا هەبوو کە ئاوی خواردنەوە و پاک و خاوێنی ئەو ماڵانەی دابین دەکرد و لەلایەکی دیکەی حەوشەکە تەوێڵەیەکی گەورە هەبوو کە خەڵکی ئاوایەکانی دەورووبەر بەتایبەتی مەنگورایەتی کە باریان دێنا بۆ شار، ولاغەکانیان لەو شوێنە دەکرد و بۆ خۆشیان هەر لەو ماڵەدا جێگای حەسانەوەیان هەبوو و زۆربەی شەوان کاروانسەرا میوانی لەو بابەتەی لێ دەمایەوە. لەبەرئەوە ئەوکات مەهاباد بە شەبەکەی به‌رقی سەرانسەریەوە نەبەسترابووە و بەندئاوی مەهاباد دروست نەکرابوو. به‌رقی مەهاباد بەهۆی ماتورخانەیەکی گەورە دابین دەکرا کە زۆربەی ماڵان لێی بێبەش بوون ئەویش تەنیا بۆ رووناکی. هەربۆیە شەوانە میوان واتە ئەوانەی لە کاروانسەرا دەمانەوە و خەڵکی ئەو 5 – 6 ماڵە کە کرێ چی بوون لەو حەوشە گەورە کۆدەبوونەوە و لە هەموو بابەتێک دەگوترا و دەبیسترا، لە چیرۆک و بەند و حەیران و سەربردە تا دەگاتە قسەوباسی گوند و شار و شاخ و پێشمەرگە...". عومه‌ری منداڵ له وه‌ها شوێنێک و له چوار چێوه‌یه‌کی ئاوا دا ژیانی کردوه و پێی ناوه‌ته قوتابخانه. هه‌ر له‌و ته‌مه‌نه‌شه‌وه و هه‌ر له‌رێگای ئه‌و بارهه‌ڵگرانه‌وه که ناوی "قاچاغچی" له‌سه‌ر داناون، ده‌گه‌ڵ وشه‌ی "پێشمه‌رگه" و "شه‌هید" و "کوردستان" و "دوژمن" ئاشنا بوه و بێ ئه‌وه ما‌نایان بزانێ هه‌ڵی گرتوون. ئه‌و ده‌ڵێ:"شەوانەش دەر و دراوسێ لێیان کۆدەبوونەوە(له بار هه‌ڵگره‌کان) و باسی چوون و هاتنەوەی خۆیان بۆ کوردستانی عێراقیان پێ ده‌گێڕانه‌وه بەتایبەتی کە سەردەم سەردەمی شۆرشی مەلامستەفابوو و باسی ئازایەتی پێشمەرگە و فەرماندەرانی هێزی پێشمەرگەیان دەکرد و لە راستی دا هەتا نەبوومە پێشمەرگە، پێشمەرگە لام ئەفسانە بوو کە چۆن بە چەکی دەستی دەتوانێ بەرەنگاری دوژمنی پڕچەک بێتەوە. باش لە بیرمە جارێکیان بابم لە سەفەر گەرابووەوە، دیاربوو ئەو سنوورەی ئەوان پێیداهاتبوونەوە تەیاره‌ی عێراقی بۆمب بارانی کردبوو. بابم دەیگوت: ((تەیارەکان لەبەر تەقەی تەیارەشکێنی پێشمەرگەکان نەیانتوانی لە سەنگەر و شوێنی پێشمەرگەکان نزیک ببنەوە و بۆمبەکانیان لە چۆڵەوانی بەرداوە)) ((تەیارە شکینیان پێ یە هەرکە تەیارەکە هات خۆی ئاگاداری پێشمەرگەکان دەکاتەوە)).
من لەو فەزایەدا گەورەبووم و بێ ئەوە هیچ لە کوردایەتی و پێشمەرگایەتی و ئه‌و زوڵم و زۆره‌ی کە لەنەتەوەکەم کراوە بزانم پێشمەرگەم لاخۆشەویست بوو هه‌روەکوو پاڵەوانی هەموو ئەو چیرۆکانەی کە بیستبوومن". جارێکیش عومه‌ری منداڵ ته‌رمی پێشمه‌رگه‌ی ته‌حویل دراوه‌ی ئیعدام کراوی وه‌دوای ماشین خراو ده‌بینێ و وه‌ک تابڵۆی نه‌قاشی کراو له‌سه‌ر په‌رده‌ی مێشکی ده‌مێنێته‌وه.
ساڵ ده‌هاتن و راده‌بردن و ده‌گه‌ڵ پێک هاتنی ئاڵ و گۆڕ له کۆمه‌ڵگا و نه‌زمی سروشت دا، ته‌مه‌نی عومه‌ریش ده‌چوه سه‌ر و هه‌ر به‌و پێ یه‌ش له دیاری کردنی چاره‌نووسی خۆی دا خاوه‌ن بریار ده‌بوو. له‌جه‌نگه‌ی وه‌زاڵه هاتنی یه‌کپارچه‌ی خه‌ڵکی ئێران له سیاسه‌ته‌کانی رێژیمی پیشوودا، عومه‌ریش که ساڵه‌کانی کۆتایی ناوه‌ندی ده‌خوێند خۆی له نێو ئه‌و ره‌وته دا دیته‌وه و شانی وه‌به‌ر دا." لە نیوەی دووهەمی ساڵی 1357 دا لەگەڵ حیزبی دیموکرات ئاشنابووم و وردە وردە بەرەو تەشکیلاتی ئەو حیزبە چووم و کاتێک وەخۆ هاتمەوە ببوومە پێشمەرگە". هه‌ڵگرتنی چه‌ک ته‌کانێک و خۆ به نێو شه‌پۆله سامناکه‌کانی شه‌ڕی چه‌کداری کردن دا ته‌کانێکی دیکه بوو. هه‌تا هات مه‌ترسی زیاتر و بێ قه‌راری زیاتر و ماندوو بوون زیاتر و خۆ بێر و به‌وێ دادان زیاتر بوو. هه‌رهات و راده‌ی دڕنده‌یی هێزی دوژمن زیادی کرد و پێ به‌پێی ئه‌وه‌ش ژماره‌ی چه‌ک به‌ده‌ستانی تێکۆشه‌ر فره‌وانتر بوو. عومه‌ر که ئێستا ئیدی نه‌ک هه‌ر پێشمه‌رگه‌ی ده‌دی به‌ڵکوو بۆخۆشی پێشمه‌رگه بوو، ئه‌و داستانانه‌ی ده‌ورانی منداڵی وه‌بیر ده‌هاتنه‌وه که له‌باره‌ی پیشمه‌رگه بیستبوونی و جا ئه‌وجار ده‌یزانی پێشمه‌رگه چ مانایه‌کی قووڵی هه‌یه. له مێژ نه‌بوو چه‌کی هه‌ڵ گرتبوو که بۆ به‌ره‌کانی شه‌ر له ناوچه‌ی سه‌قز و مه‌ریوان ناردرا و له به‌ر بێ ئه‌زموونی ئێستاش نه‌یزانی چی کرد و چۆن گه‌رایه‌وه. له‌و سه‌فه‌ره دا بۆ یه‌که‌م جار چاوی به لێره‌وار و دارستانه‌کانی ناوچه‌ی بانه که‌وت. بۆ خۆی ده‌ڵێ:" دوای نزیک بە مانگێک بەرەو مەهاباد بووینەوە و ئەوجارە بە جادەی بانە – سەردەشت دا گەڕاینەوە. بۆمن و هاوریکانم زۆر سەرنج راکێش بوو، من قەت بەو شێوەیە لێرەوارم نەدیتبوو، ئەو هەموو دار‌و سەوزایە. هەتا کات ڕادەبرد کوردستانم زیاتر لاخۆشەویستر دەبوو و وردە وردە هەستم دەکرد کە وڵاتی خۆم باشتر دەناسم".
خۆشه‌ویستیی وڵات و باوه‌ڕمه‌ند بوون به‌خه‌بات و تێکه‌ڵاوی ده‌گه‌ڵ کۆڕی یارانی چاونه‌ترس و به‌وره، عومه‌ری له درێژه‌دان به پێشمه‌رگایه‌تی سه‌رخۆشتر کرد. بڕیارێک که دابووی پاشگه‌زبوونه‌وه‌ی بۆ نه‌بوو. هاواری ئه‌و، وه‌ک هاواری هه‌زاران تێکۆشه‌ری دیکه، هه‌دانه‌دان هه‌تا وه‌دی هێنانی ئاواته‌کانی گه‌ل بوو. بۆ گه‌یه‌شتن به مه‌به‌ست، سه‌ختیی رێگا و مه‌ترسی یه‌کانی ژیان و دوور بوون له بنه‌ماڵه و که‌س و کار هیچ گرینگ نه‌بوون. ئه‌وه‌ی بیری ئه‌و لاوه‌ی به‌خۆیه‌وه خه‌ریک کردبوو خۆ ماندوو کردنی زیاتر و ئیدیعای که‌متر بوو. هه‌ر به‌ڕاستیش ئه‌وانه‌ی ئه‌شقی خزمه‌ت به‌گه‌ل و نیشتیمان ده‌گه‌ڵ خوێنیان تێکه‌ڵ بوه محاله ماندوو بن و منه‌ت بکه‌ن. ماوه‌یه‌ک مانه‌وه له ناوچه‌ی مه‌هاباد و دوایه گیرسانه‌وه له سوێسنایه‌تیی سه‌رده‌شت و تێکه‌ڵاو بوون ده‌گه‌ڵ خه‌ڵکی خۆڕاگری ئه‌و ده‌وه‌ره و هاوسه‌نگه‌ر بوون ده‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌ی قه‌ت نه‌به‌زی موعینی(دواتر بوو به گیاره‌نگ)، ده‌رسێکی باشی دا به کاک عومه‌ر و فێری خۆڕاگریی زیاتر و ته‌حه‌مولی هه‌ر جۆره سه‌ختی یه‌کی کرد. ئه‌و که له‌مه‌ڵبه‌ندی مه‌هاباد ده‌گه‌ڵ کارناسه نیزامی یه‌کانی وه‌ک سه‌رگورد عه‌بباسی و کاک هه‌ژار و سه‌رهه‌نگ چیا کاری کردبوو ده‌رسی چۆنیه‌تیی به‌ره‌نگاریی ده‌گه‌ڵ دوژمنیان لێ فێر ببو، له ناوچه‌ی سه‌رده‌شتیش بوو به هاوڕیی تێکۆشه‌رانی وه‌ک: کاک حه‌سه‌نی شیوه‌سه‌ڵی، مه‌حموود خاس، عه‌بدولا شه‌خسه، حوسه‌ین په‌یره‌وان، ساڵه ڕه‌به‌تی و چه‌ندین فه‌رمانده‌ی دیکه که‌به‌شێکیان به داخه‌وه شه‌هید بوون وه‌ک ره‌حیم قاڕنجی. دوای چه‌ندساڵ مانه‌وه له‌ریزی خه‌باتکارانی ناوچه‌کانی سه‌رده‌شت و وه‌رگرتنی چه‌ند به‌رپرسایه‌تیی وه‌ک سه‌رپه‌ل و سه‌رده‌سته و کادری سیاسیی لک، سه‌رئه‌نجام له ساڵی 1367ی هه‌تاوی دا وه‌ک فه‌رمانده‌ری هێزی زاگرۆس له ناوچه‌ی سنه دیاری ده‌کرێ و پاش 3 مانگ مانه‌وه له‌و شوێنه ده‌کرێته فه‌رمانده‌ی هێزی شه‌هید پێشه‌وا و به‌مجۆره دووباره به دیداری مه‌ڵبه‌ندی دڵبه‌ندی خۆی شاد ده‌بێته‌وه.
له گه‌رانه‌وه‌ی ئه‌مجاره‌ی دا بۆ ناوچه‌ی مه‌هاباد که ئه‌رکی قورس‌تر و ئه‌زموونی زیاتر بوه، کاک عومه‌ر به‌وپه‌ڕی له خۆبوردوویی و خۆ ماندوو کردنه‌وه هاوڕێ یه‌تیی پێشمه‌رگه‌کان ده‌کا و پێ به پێی ئه‌وان دۆڵ و ده‌ر و هه‌وراز و لێژان ده‌بڕێ و بۆ پێوه‌ندی ده‌گه‌ڵ خه‌ڵک و به‌ره‌نگاری ده‌گه‌ڵ هێزی دوژمن به‌رنامان داده‌ڕێژێ و رێگایان تاقی ده‌کاته‌وه. که لێی ده‌پرسم ئه‌رکی فه‌رمانده‌ری هێزی پێشمه‌رگه چیه؟ باڵه‌کی واقیع بینانه جواب ده‌داته‌وه و ده‌ڵێ:" فەرماندەی هێزی پێشمەرگە سەرەڕای ئەوە کە دەبێ گەڵاڵەو تەرحی هەبێ بۆ جێبەجێکردن، دەبێ خۆشی یەکێک بێت لە شەڕکەرە باش و ئازاکان. فەرماندەری پێشمەرگە سەرەڕای ئەرکی فەرماندەری هێزەکەی خۆی، دەبێ کادرێکی باشی سیاسی بێت و ئاگاداری بەرنامە و پرۆگرامی حیزبەکەی خۆی بێت و بتوانێ ئامانج و ئەهدافی سیاسی بۆ خەڵک شی بکاتەوە و بەتایبەت دەبێ توانای تێ گەیاندنی خەڵک و پێشمەرگەی هەبێ لە مەسەلەکان. دیاره فه‌رمانده‌رێک به‌و ئاماده‌یی یه‌وه و به له‌به‌رده‌ست دا بوونی ئه‌زموونی چه‌ند ساڵه‌ی له مه‌یدانی به‌ربه‌ره‌کانی دا، شانسی سه‌رکه‌وتنی زیاتر و راده‌ی خۆشه‌ویستیی له نیو هاوسه‌نگه‌رانی دا پتره. هه‌رواش بوو، عومه‌ری باڵه‌کی له هه‌موو ئه‌وساڵه سه‌ختانه‌ی شه‌ڕی مان و نه‌مان دا، ئازایانه پێشمه‌رگایه‌تی کرد، لێزانانه فه‌رمانده‌ری کرد، دڵسۆزانه حیزبایه‌تی کرد، ره‌فیقانه هاورێ یه‌تی کرد و ئه‌مه‌گدارانه په‌یمانی برده سه‌ر. ئه‌و که باری قورسی خه‌باتی له کۆڵ کردبوو، خه‌می دووریی هاوسه‌ر و منداڵ و دڵسۆزی و خه‌مخواردن له باوکیشی پێوه‌ی زیاد ببوو. پێویسته بڵێم بنه‌ماڵه‌ی کاک عومه‌ر باڵه‌کی یه‌ک له‌و بنه‌ماڵه کوردانه‌یه که له‌سه‌ر کوردایه‌تی ته‌فر و تونا بوه و کاک عومه‌ریش له‌و هه‌ره که‌م که‌سانه‌یه که ئه‌مه‌گی کورایه‌تی به باشی به‌جێ هێناوه و له خزمه‌ت به باوکی داخداری دا درێغی نه‌کردوه. دیاره هه‌ر وه‌ک بۆ خۆی به حه‌ق باسی ده‌کا خاتوو زڵه‌خای هاوسه‌ری که بنه‌ماڵه‌ی ئه‌ویش له زیانه‌کانی دوژمنی دڵ ره‌ق بێ به‌ش نه‌بوه، له هه‌موو ئه‌و ساڵه سه‌ختانه دا جێگای دڵگه‌رمیی ئه‌و و پشت و په‌نای منداڵ و یار و یاریده‌ده‌ری باوک بوه. من ده‌توانم شاهیدی بده‌م خاتوو زڵه‌خا، نموونه‌ی ژنی شۆڕشگێر و ئۆلگووی هاوسه‌ری به‌وه‌فایه. به‌هیچ جۆر ناکرێ ئه‌و جۆره ژنانه له ریزی پێشمه‌رگه جیا بکرێنه‌وه. خۆزگه قه‌ڵه‌مێک ئه‌رکی هێنانه به‌رباسی ژیانی ئه‌و تێکۆشه‌رانه‌ی وه‌ئه‌ستۆ گرتبایه.
به خۆشی یه‌وه کاک عومه‌ریش وه‌ک زۆر پێشمه‌رگه‌ی نێو سه‌نگه‌ر، هاوکات له‌چه‌ند بواردا شاره‌زایی په‌یدا کردوه و هه‌رکات پێویست بووبێ ئه‌رکی دیکه‌شی وه‌ئه‌ستۆ گرتوه. به گشتی له ماوه‌ی 30 ساڵ خه‌بات و تێکۆشانی به‌رده‌وام له رێی ئازادی دا، له‌و رۆژه‌وه به بێ ئه‌زموون چه‌کی تاو داوه‌تێ و ره‌گه‌ڵ ده‌ریای چه‌کبه‌ده‌ستان که‌وتوه هه‌تا ئێستا که دیپڵۆماته و نوێنه‌رایه‌تیی حیزبێکی سیاسیی رۆژهه‌لاتی کوردستان له هه‌ولێر ده‌کا،ئه‌م به‌رپرسایه‌تی یانه‌ی به‌ڕێوه بردوون:
ساڵی 1357هه‌تا 1362 وه‌ک پێشمه‌رگه له هێزی پێشه‌وا و ناوچه‌کانی مه‌هاباد.
ساڵی 1362 هه‌تا 1367 له هێزی گیاڕه‌نگ و ناوچه‌کانی سه‌رده‌شت.پیشمه‌رگه،سه‌رپه‌ل،جێگری سه‌رده‌سته،سه‌رده‌سته و کادری سیاسیی لک.
ساڵی 1367 ماوه‌یه‌ک له بنکه‌کانی سه‌ر به ده‌فته‌ری سیاسی و دوایه فه‌رمانده‌ری هێزی زاگرۆس له ناوچه‌کانی سنه که ته‌نیا 3 مانگ ماوه‌ته‌وه.
هه‌ر ئه‌و ساڵه(1367) ئه‌رکی فه‌رمانده‌ریی هێزی پێشه‌وای پێ ده‌سپێردرێ و دووباره روو له مه‌ڵبه‌ندی ئازایان ده‌کاته‌وه.
به‌هاری 1371 به دوای هه‌ڵبژێرانی وه‌ک راوێژکاری کۆمیته‌ی ناوه‌ندی له کۆنگره‌ی 9ی حیزبی دێمۆکڕات دا،ده‌کرێته به‌رپرسی کۆمیته شارستانی مه‌هاباد و هه‌ر له‌و ناوچه‌یه ده‌مێنێته‌وه.
ساڵی 1372 وه‌ک به‌رپرسی کۆمیته شارستانی بۆکان دیاری ده‌کرێ و روو له‌و ناوچه پێشمه‌رگه په‌روه‌ره ده‌کا.
ساڵی 1374 له کۆنگره‌ی ده‌هه‌می حیزب دا وه‌ک ئه‌ندامی کۆمیته‌ی ناوه‌ندیی حیزبه‌که‌ی هه‌ڵده‌بژێردرێ و دیسان ئه‌رکی به‌رپرسایه‌تیی کۆمیته شارستانی مه‌هابادی پێ ده‌سپێردرێته‌وه.
وێنه‌ی یه‌که‌م: عه‌لی باڵه‌کی - عومه‌ر باڵه‌کی
وێنه‌ی دووهه‌م: عوسمان عه‌باسی - عومه‌ر باڵه‌کی - عه‌بدوڵڵا حه‌سه‌نزاده
کاک عومه‌ر له ساڵی 1357ه‌وه هه‌تا ساڵی 1375 به‌رده‌وام له ریزی پێشمه‌رگه دا شاخ و کێو و ده‌شت و ده‌ری کوردستانی کردوه، دێ به‌دێ گه‌ڕاوه، خه‌ڵکی به‌سه‌ر کردۆته‌وه، فه‌رمانده‌ریی پیشمه‌رگه‌ی کردوه، سیاسه‌ته‌کانی حیزبه‌که‌ی بردۆته نێو کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک، پێشی په‌لاماری هێزی دوژمنی گرتوه و هێرشی بردۆته سه‌ر مۆڵگه و دام و ده‌زگای به‌کرێگیراوان. له هه‌مووی ئه‌و ساڵانه دا به ده‌یان جار له مه‌ترسی که‌وتوه، چوار جار بریندار بوه و هه‌موو جارێ پاش سارێژ بوونه‌وه‌ی برینه‌کانی، خۆی گه‌یاندۆته‌وه مه‌یداندکانی شانازی خوڵقاندن. له‌و ماویه‌دا ده‌یان جار بۆ مه‌رگی سووری هاوسه‌نگه‌ری فرمێسکی هه‌ڵوه‌راندوه و خه‌می له ده‌ست دانی رۆڵه‌ی کورد ئه‌وکی ڕێک گوشیوه. هه‌مووی ئه‌وانه له پێناو وه‌ده‌ست هێنانی ئازادی بۆ گه‌له‌که‌ی دا کراون و خۆی گوته‌نی چه‌ندی دیکه‌ش پێویست بێ ئاماده‌ی به‌ڕێوه بردنه. به راستی ئێمه له به‌رامبه‌ر ئراده‌یه‌کی ئاوا به هێز و ئیمانێکی ئاواقایم دا ده‌توانین چی بڵێین جگه له‌ئافه‌رین و داوای سه‌رکه‌وتن؟ له کۆنگره‌ی یازده‌ی حیزبی دێمۆکڕاتی کودستان دا وه‌ک ئه‌ندامی جێگری کۆمیته‌ی ناوه‌ندی هه‌ڵده‌بژێردرێ و ئه‌مجار له کۆمیسیۆنه‌کانی سه‌ر به ده‌فته‌ری سیاسی دا ئه‌رکی وه‌ک: به‌ر پرسایه‌تیی کار و باری پێشمه‌رگه، کار و باری ماڵی و خه‌ده‌مات، کۆمیسیۆنی رادیۆ، به‌رپرسایه‌تیی فێرگه‌ی سیاسی نیزامی و سه‌رئه‌نجام نوێنه‌رایه‌تیی حیزب له هه‌ولیری بۆ دیاری ده‌کری و ئه‌ویش به شانازی یه‌وه بۆ راپه‌ڕاندنیان قۆڵ هه‌ڵده‌ماڵێ. پێویسته بڵێم له ماوه‌یه‌کی دوای لێک دابڕانی ریزه‌کانی حیزب به دوای کۆنگره‌ی 13 دا کاک عومه‌ر وه‌ک ئه‌ندامی ده‌فته‌ری سیاسی هه‌ڵبژێردراوه و له‌و به‌رپرسایه‌تی یه‌ش دا توانا و لێهاتوویی خۆی ده‌رخستوه.
تێکۆشه‌ر باڵه‌کی هه‌ر به‌وانه نه‌وه‌ستاوه. ئه‌و که ئاشقی رزگاریی گه‌له‌که‌یه‌تی و به‌دڵ و به‌گیان بۆی تێ ده‌کۆشێ، باش ده‌زانێ رۆژێک به‌و ئاواته‌ی ده‌گا. هه‌ر بۆیه هه‌ر له ئێستاوه خۆی بۆ ئاماده کردوه هه‌تا به بیر و مێشکێکی پڕتره‌وه خزمه‌تی نیشتیمانه‌که‌ی بکا. کاک عومه‌ر له‌هه‌ر ده‌رفه‌تێک بۆی هه‌ڵ که‌وتوه که‌ڵکی وه‌رگرتوه و خه‌رمانه‌ی زانیاری یه‌کانی خۆی گه‌وره‌تر کردۆته‌وه. خوێندن له زانستگای کۆیه و وه‌رگرتنی بڕوانامه‌ی لیسانسی یاسا له‌و ناوه‌نده زانستی یه‌ش به‌شێکی دیکه له هه‌وڵ و ته‌قه‌لاکانی ناوبراون که سه‌رکه‌وتوانه ته‌واوی کردوه. جگه له‌وانه ریزدار باڵه‌کی له مه‌یدانی نووسین و وه‌رگێڕانیش دا خۆی تاقی کردۆته‌وه و هه‌تا ئیستا چه‌ند به‌رهه‌مێکی خستۆته سه‌ر کتێبخانه‌ی کوردی یه‌وه.به‌رهه‌مه چاپ کراوه‌کانی کاک عومه‌ر بریتین له:
1- کچه ئه‌رمه‌نی (وه‌رگێران له زمانی فارسی یه‌وه).
2-ئه‌ندێشه‌کانی ناپلیئۆن(وه‌رگێڕان).
3- کۆمه‌ڵناسیی شه‌ڕ، کۆ کراوه‌ی بیری چه‌ند بیرمه‌ندێک.(وه‌رگێڕان).
4- کورته مێژووی مه‌هاباد،که زیاتر ئاماده کراوه.
5- دایک و ته‌مووری له‌نگ(کۆمه‌ڵه چیرۆکێکی ماگسیم گۆرکی).وه‌رگێڕان.
6- زارا خۆشه‌ویستی شوان. وه‌رگێران له فارسی یه‌وه.
گزینگ - زلیخا جه‌شنی (هاوسه‌ری کاک عومه‌ر) -ئاگری - ئارا - عومه‌ر باڵه‌کی
تێکۆشه‌ران کاک عومه‌ر باڵه‌کی و داده زڵه‌خای هاوسه‌ری به جووته درێژه‌یان به خه‌بات داوه، دووبه‌دوو بۆ نه‌هێشتنی که‌م و کووڕی و ناخۆشی یه‌کان بڕیاریان داوه، وێکڕا له په‌روه‌رده‌ی منداڵ و گه‌وره کردنیان دا به‌رپرسایه‌تی یان وه‌رگرتوه و هاوشان بۆ به‌خته‌وه‌ریی بنه‌ماڵه زه‌حمه‌تیان کێشاوه. به‌رهه‌می 26 ساڵ پیکه‌وه ژیانی ئه‌و جووته خه‌باتکاره دوو کوڕ و کچێکه که دوانیان زانستگایان ته‌واو کردوه و یه‌کیان جارێ به به‌ری یه‌وه ماوه. ئه‌مه‌گداریی کاک عومه‌ر هه‌روه‌ک له‌به‌رمبه‌ر باوکی په‌ک که‌وته‌ی دا نیشانی داوه، له به‌رامبه‌ر هاوسه‌ریشی دا خۆی ده‌رده‌خا. هه‌روه‌ک ده‌فه‌رموێ:" لێرەدا جێگای خۆیەتی ئاماژە بەوە بکەم، ئەگەر من توانیومە وەک پێشمەرگە و فەرماندە و کەسێکی سیاسی لە مەیدانی خەباتی بە کردەوەدا حزووری چالاکم هەبێت، بەشی زۆری وەبەر هاوسەری ژیانم دەکەوێت، چونکە لەماوەی 26 ساڵ ژیانی هاوبەشمان دا هەمیشە هاوکار و هاوراز و هاندەرم بووە، زۆر جاران لە خۆی زیاتر مایەی داناوە بۆ ئەوە من لە کار و بەرپرسیاریەتیم دا سەرکەوم. لە کاتی چوونەوه بۆ ناوچەدا نەیهێشتووە سێبەری بێ بابی لەسەر منداڵەکان لابچێ و هەژاری و گیرفانی بەتاڵ و نەبوونی ژیانی لەبار قەت نەبۆتە لەمپەر لە پێکەوە ژیانماندا. بەخۆشەویستی دەستمان پێ‌کرد، بەخۆشەویستی درێژەمان پێداوە و هیوا دەخوازم بە خۆشەویستی کۆتایی پێ بینین".
ئه‌وانه‌ی به‌رزترین لووتکه‌کان فه‌تح ده‌که‌ن، ئه‌و که‌سانه‌ی هه‌تا قووڵترین قووڵایی یه‌کان ده‌چنه خوار، که‌سانی دۆزێنه‌ره‌وه‌ی نه‌دیترا و نه‌بیستراوه‌کان، ئه‌و ئینسانه خۆ به‌ختکه‌رانه‌ی هه‌وڵی پێک هێنانی جیهانێکی خۆشتر و ئاوه‌دانتر ده‌ده‌ن، هه‌موو خاوه‌ن ئیراده و خاوه‌ن ئیمان و خاوه‌ن غیره‌تن. پێشمه‌رگه‌ش که سه‌رتۆپی غیره‌ت و ئیمان و ئیراده‌یه له به‌رزی دا هاوتای نیه.عومه‌ر باڵه‌کی له نێو ئه‌و بازنه سه‌ربه‌رزانه دا جێگای گرتوه و هیوادارم هه‌روا قورس و قایم له‌و جێگایه‌دا راوه‌ستێ.
هه‌یاس کاردۆ- ئوستڕالیا- 13/9/2009
salihrebety | 28 Nov 2009 - 21:50
کاک عومه‌ر باڵه‌کی ناسراو و کۆڵنه‌ده‌ری مه‌یدانی خه‌بات و خۆشه‌ویستی
کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان و هاوڕێ و هاوسه‌نگه‌ری به وه‌فا و به ئه‌مه‌گی
سه‌رجه‌م کادر و پێشمه‌رگه‌ی دێمۆکڕات ، سیمای کادرێکی تێکۆشه‌ری سه‌ر
گۆڕه‌پانی خه‌باته . باڵه‌کی ئه‌و که‌سه‌ی که سی ساڵه ته‌مه‌نی پڕ له شانازی
و سه‌رفه‌رازی خۆی بۆ خه‌بات له پێناو رزگاری خاک و نه‌ته‌وه‌که‌ی هاویشتووه و
هه‌ر ئێستاش پته‌و و قایم له‌و سه‌نگه‌ره‌دامبارزه�
�� ده‌کات و چه‌قڵی چاوی نه‌یارانه
عومه‌ر له سه‌ره‌تای لاویه‌تیه‌وه پێی ناوه‌ته ناو ریزه‌کانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانه‌وه . له‌و ماوه‌دا وه‌ک ئه‌ستێره‌یه‌کی گه‌شی ئاسمانی کورده‌واری
جێگای ئومێد و باوه‌ڕی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان و هاوسه‌نگه‌رانی بووه
کاک عومه‌ر له مه‌یدانی خه‌باتدا پێشمه‌رگه‌یه‌کی به‌جه‌رگ وکادرێکی لێوه‌شاوه
بوو . له‌بنکه سابیته‌کان بێکار دانه‌ده‌نیشت و کاتێکی زۆری بۆ فێر کردن و پێ
گه‌یاندنی هاوسه‌نگه‌رانی ته‌رخان کردبوو و ده‌رسی شۆڕشگێڕی و فێر بوونی
زمانی کوردی ده‌گوته‌وه . باڵه‌کی فه‌رمانده‌یه‌کی لێوه‌شاوه و خاوه‌ن به‌رنامه و
موودیرییه‌تێکی تایبه‌ته. سه‌رتاسه‌ری کوردستان شاهیدی بۆ قاره‌مانه‌تی و
دڵسۆزی و فه‌رمانده‌هی عومه‌ر ده‌ده‌ن . له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا که فه‌رمانده‌یه‌کی به
وه‌ج لێهاتووه ، رێبه‌رێکی سیاسی لێهاتوو شه . ده‌کرا له‌ته‌واوی بواره‌کانی
ژیانی شۆڕشگێڕیدا پشتی پێ ببه‌ستی . ئێستاش له‌سه‌تحی رێبه‌رایه‌تی
حیزبی دێمۆکراتی کوردستاندا به لێوه‌شاوه‌یی سه‌رگه‌رمی خه‌بات و تێکۆشانه
هه‌موو ته‌مه‌نی عومه‌ر پڕه له سه‌داقه‌ت و دڵسۆزی و فیداکاری و وه‌فاداری به
رێبازی شه‌هیدانی رێگای ئازادی و به‌خته‌وه‌ری . له‌هاوکاری دۆستان و بنه ما
ڵه‌ی پێشمه‌رگه‌دا دریغی نه‌کردووه و ئه‌وه‌ی له توانای دا بووه له‌و پێناوه‌دا به
کاری هێناوه . ده‌ست خۆشی به‌و قاره‌مانه‌ی مه‌یدانی خه‌بات و به‌ربه‌ره‌کانی
ده‌ڵێم و ئاواته‌خوازم به خۆی و بنه‌ماڵه‌یه‌وه سه‌ربه‌رز و پایه‌دار بن . ئه‌و جاریش
رێزم بۆ ئه‌و هه‌موو فیداکاری و هاوکاریه‌ی کاک عومه‌ر باڵه‌کی و سه‌رکه‌وتوو بێ.
رێزم بۆ کاک هه‌یاس و زه‌حمه‌تکێشانی "بۆ رۆژهه‌ڵات" بژین
سالح ره‌به‌تی 11/27/2009